مامۆستایەکی کورد، لە ترسی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆی جێهێشت

14:47 - 3 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی\"کەوپێچی خواروو\"ی شاری بانە، لە ترسی هەڕەشەی کوشتنی ناوبراو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانەوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە دیار نەماوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستا \"محەممەد ئەدەیبی\" پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"کەوپێچی خواروو\"ی شاری بانە، کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهشتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا ئایینیە کوردە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە \"هەڕەشەی کوشتن\"ی لێکراوە.

ئەو ماوستا کوردە، بە هۆی پشتیوانی کردن لە بازاڕیان و دوکاندارانی شاری بانە دوو کەڕەت بانگهێشتی دادگای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان کرابوو.

پێشتریش، ئیداری ئیتلاعاتی شاری بانە، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان، لە دژی ئەو مامۆستا کوردە سکاڵای تۆمار کردبوو.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری حکوومەتی ئێراندایە و بەرپرسی هەڵسوکەتی قەزایی لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی و دژبەری حکوومەتی ئیسلامییە.