مامۆستایەکی کورد بە یەکێک لە پلەبەرزترین زاناکانی جیهان هەڵدەبژێردرێت

20:06 - 25 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی شاری ئیلام، وەکوو یەکێک لە زانا پلەبەرزەکانی جیهان ناسێنرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوکتور ئارش قوربانی چەقامارانی، مامۆستای کیمیا و ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی ئیلام، بە گوێرەی ڕیزبەندیی بنکەی پێوەرە بنەڕەتییەکانی زانست (ISI) بۆ پلەبەندیی بەرزترین زانا و زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەی جیهان، وەک یەکێک لە زانا پلەبەرزەکانی جیهان دەستنیشان کرا.

زانا و بلیمەتەکانی جیهان بە گوێرەی ژمارەی توێژینەوە و گوتارەکانیان لە ٢٢ بواری زانستیدا پۆلێن دەکرێن و یەک لەسەدیان وەکوو زانای پلەبەرز هەڵدەبژێردرێن، کە دوکتور ئارش قوربانی یەکێک لەو یەک لەسەدە کەسانە بووە، کە دەستنیشان کراوە.

دوکتور ئارش قوربانی چەقامارانی، تا ئێستە ٢٢١ گوتاری لە گۆڤارە بەناوبانگە زانستییەکان بڵاو کردووەتەوە، لە ماڵپەڕی فەرمیی (ISI)ـدا، دوو هەزار و ٧٦٠ جار لە جیهاندا پشت بەو گوتارانەی بەستراوە.