مامۆستایەکی کورد بە هۆی کەمیی دەوا و دەرمان گیانی لەدەست دا

14:46 - 11 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی نەبوونی دەوا و دەرمان و ئیمکاناتی سەرەتایی پزیشکی لە ناوەندی دەرمانیی بەخشی نەوسوود، هاووڵاتییەکی کورد گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە مامۆستاکانی بەخشی نەوسوود سەربە شاری پاوە کە تووشی نەخۆشی ببو بە هۆی کەمیی دەوا و دەرمان و ئمکاناتی پزیشکی گیانی لەدەست دا.

زۆربەی سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە دەکەن، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین کەس بە هۆی کەمیی دەوا و ئیمکاناتی پزیشکیەوە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام هەتا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی پێویستیان لەو مەسەلەیە نەداوەتەوە.

رۆژانە رێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشە تایبەتییەکان بە هۆی نابەرپرسیارەتیی ناوەندە پزیشکییەکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکوومەتی ئێران کە کەمیی دەوا و دەرمانی بە دواوە بووە، بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە و گیانیان لەدەست ئەدەن کە ئەو مەسەلەیە لە ناوچە پەراوێز خراوەکان دا چەندین بەرابەر زیاترە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە بەخشی نەوسوود ١١ هەزار حشیمەتی هەیە و لەسەر داوای بەدەوامی هاووڵاتییان تەنیا چەند رۆژ پێش ئێستا یەکەیەکی ددان سازی بۆ دانراوە.