مامۆستایەکی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا

15:33 - 7 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق پاش ٢٨ ساڵ هێشتا ئاسەواری بە سەر جەستەی کوژراو و بریندارەکانەوە دیارە و کۆتایی نایەت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی ڕەشەممە، هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی \"نێ خزر\" بەخشی ساڵح ئاوای شاری مێهران بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بەجێماو لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق گیانی لە دەست دا.

ماڵپەڕی \"مین و زندگی\" شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی\"مورتزا نادی\"کوڕی مستەفا ڕاگەیاندووە.

\"\"
مورتزا نادی\"کوڕی مستەفا
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە کوردە مامۆستایەکی خانەنشین کراوی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بوو.

بەخشی ساڵح ئاوا یەکێک لە بەخشەکانی سەر بە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە ناوچە گرینگەکانی شەڕی ئێران و عێراق دەژمێردرێ.

ئێران بە بەروارد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان بە دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مینە چێنراوەکان دێتە ئەژمار و بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە، بە شێوەی نێونجی رۆژانە سێ کەس لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕ، دەبنە قوربانی.