مامۆستایەکی کورد بۆ ئیتلاعاتی سنە گوێزرایەوە

13:17 - 27 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد خەڵکی شاری دیواندەرە، پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە گوێزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئومید شامحەممەدی\" چالاکی سێنفیی مامۆستایان و مامۆستای ژینگەناسیی لە شاری دیواندەرە، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش بەدواداچوونی بنەماڵەی شامحەممەدی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو بنەماڵەیە ڕاگەیاندووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، ناوبراویان بۆ گرتووخانەی شارامفەرێ سپای پاسداران گواستووتەوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"بنەماڵەی شامحەممەدی لە تۆمەتەوەپاڵدراوی ئومید ئاگادار نین و هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو مامۆستا کوردە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"ئومید شامحەممەدی\"، خەڵکی شاری دیواندەرە لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیتلاعات دەسبەسەر کرا.

ئومید شامحەممەدی خاوەنی کتێبخانەی \"زانکۆ\"ی شاری دیواندەریە.