مامۆستایەکی کورد بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا

18:41 - 5 جۆزەردان 2722

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی جۆزەردان، "عەزیز قادرتاج" مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی گوندی "نەرزیوێـ"ـی شاری شنۆ، پاش بانگهێشتکرانی بۆ دادگای ئینقلابی ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو مامۆستا کوردە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە پێی ڕاگەیەندرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "عەزیزی قادرتاج" پاش سەپاندنی ئەو حوکمە لەلایەن دادگاوە لەمەڕ ئەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو، بەڵام دادگا بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەو داواکارییەیان ڕەت کردبووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی عەزیز قادرتاج و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ۱۳ی ڕەشەمە ساڵی ٩٩، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرا و ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی ڕەشەمە، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.