مامۆستایەکی کورد بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا

20:08 - 20 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شارستانی دیواندەرە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی جۆزەردان، \"ئومید شامحەمەدی\"، مامۆستای کوردی خەڵکی شارستانی دیواندەرە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە سینفییەی مامۆستایانی دیواندەرە، رۆژی ٢ی ڕەشەمەی ساڵی پێش، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی ئاسایشی میللی\"، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ خەزەڵوەری ساڵی ٩٧ی هەتاوی، ڕۆژێک بەر لە مانگرتنی گشتیی مامۆستایان، هێزەکانی ئیتلاعات، هێرشیان کردە سەر خانووی \"ئومید شامحەمەدی\" و ناوبراویان دەسبەسەر کرد. ئەم مامۆستا کوردە پاش دەسبەسەرکردن، بۆ گرتنگەی \"قەرارگای سپای شەهرامفەر\"ی سنە، ڕاگوێزرا.

ئەم مامۆستا کوردە، پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.