مامۆستایەکی قوتابخانەی ئایینیی "ئیمام بوخارا"ی سنە بانگهێشتی ئیتلاعاتی سنە کرا

12:23 - 17 رێبەندان 2719

ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، "عەبدوڵڵا عەباسی"، یەکێک لە بەرپرسانی نووسینگەی "حەسەن ئەمینی" و مامۆستای قوتابخانەی زانستی ئایینیی ئیمام بوخارای سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

ئەو مامۆستا ئایینییەی ئیمام بوخارای سنە بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک، لە بوارە جوراوجۆرەکان، بە شێوەی نووسراوە و زارەکی لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ قوتابخانەی زانستی ئایینیی ئیمام بوخارای سنە و ڕۆیشتنی ٨ ساڵ پێشی ناوبراو بۆ دوبەی، لەو هاووڵاتییە بە وردی لێکۆڵینەوە کراوە.

"عەبدوڵڵا عەباسی"، ساڵی ٩١ و لە کاتی هاتنەوەی لە دوبەی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژووی تاکەکەسیدا ڕاگیرابوو.

دۆسیەی ئەو مامۆستایە ڕەوانەی دادگا کراوە و ناوبراو بە ٦ مانگ زیندانیی تەعلیقی بۆ ماوەی ٥ ساڵ مەحکووم کرابوو  کە ماوەی ٣ ساڵ لەو ٥ ساڵ زیندانە تەعلیقییە تێدەپەڕێت.