مامۆستایەکی قوتابخانە لەسەر کارەکەی دەرکرا

12:11 - 7 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی قوتابخانە بەهۆی گوشاری  ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، لەسەر کارەکەی وەلا نرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستایەکی کورد بە ناوی "ئازاد ڕەسووڵ‌نژاد"، بەهۆی دژایەتیکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، لەسەر کارەکەی دەرکرا.

ئەو مامۆستا کوردە، لە ساڵی ٩١ی هەتاوی، لەسەر کار لابرا و لە سەرەتای دەستپێکی کرانەوەی قوتابخانەکان، لەسەر بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شنۆ، دووبارە دەستی بە کاری مامۆستایەتی لە قوتابخانە کردەوە.

"ئازاد ڕەسووڵ ‌نژاد" کە پێشینەی ١٤ ساڵ چالاکیی لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شنۆدا هەبووە، ساڵی ٩١ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کودییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ئەو مامۆستا کوردە، دواتر بە هەمان تۆمەت دادگایی کرا و بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و دەرکران لەسەر کارەکەی مەحکووم کرابوو.

"ئازاد ڕەسووڵ ‌نژاد"، پاش تەواوکردنی ماوەی زیندانیبوونەکەی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا.