مامۆستایەکی زیندانی کورد بۆ زیندانی ئەوین ڕاگوازرا

17:14 - 28 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کورد، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانی ئەوین گویزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢٧ی خەرمانان، \"موختار ئەسەدی\" مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئەندامی کانونی سێنفی مامۆستایانی کوردستان لە دادسەرای تاران دەسبەسەر کرا و بۆ تێپەڕاندنی یەک ساڵی زیندانی تەعزیری بۆ زیندانی ئەوین گوازرایەوە.

ئەم مامۆستا کوردە، دانیشتووەی شاری سنە بە شێوەی تەلەفۆنی بۆ وەرگرتنەوەی گرێوەکەی (وثیقە) بانگهێشتی دادگا کرا.

بەپێی نوسراوەی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان، موختار ئەسەدی بە شێوەی تەلەفۆنی بانگهێشت کرابوو و هەڕەشەی لێ کرابوو، ئەگەر سەردانی دادگا نەکات، گرێوەکەی (وثیقە) دەستی بەسەردا دەگیرێت.

ئەم مامۆستا کوردە کە خاوەنی هاوسەر و سێ منداڵە، چەند ساڵ پێش لە لقی پازدەی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی قازی سەڵەواتی، بە تاوانی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" حوکمی یەک ساڵ زیندانی بۆ دەرکرابوو.

چالاکیی کانون و ئەنجومەنە سێنفییەکانی مامۆستایان بۆ جێبەجێ کردنی داوای مامۆستایانی خانەنشینکراو، گیرانی زۆرێك لە چالاکانی ئەو ئەنجومەنە سێنفیەی بە دواوە بووە.