مامۆستایەکی زانکۆی ئێران: سەرەنجام گەردولوولی ناڕەزایی خەڵک دەسەڵاتداران لەگەڵ خۆی دەبات

11:57 - 13 بەفرانبار 2720

 بڵابوونەوەی لێدوانەکانی مامۆستایەکی زانکۆی ئیمام سادق لە کاناڵی چواری دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران، لەمەڕ ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە ئێران، بووە هۆی پچڕاندنی ئەو بەرنامەیە لەلایەن بەڕێوەبەرەوە.

هەرچەند ڕێکەوتی بڵابوونەوەی ئەو وتووێژەی مامۆستای زانکۆیە ناڕوونە، بەڵام ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی ئەم بەرنامەیە لە یوتیووب ١٢ی دیسامبری ساڵی ٢٠٢٠تە.

لەو بەرنامەیە ئەو مامۆستای زانکۆیە باس لە ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر دەکات و دەڵێت: "گرانبوونی بەنزین لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری (قوە مجریە)، دادوەری (قوەی قضاییە) و یاسادانان (قوی مقننە)، بوون و لە حاڵێکدا کە ئەو بڕیاربەدەستانە دەیانزانی کە کارەکەیان هەڵە بووە".

مامۆستای زانکۆی ئیمام سادق هاوکات ڕوو لە بەڕێوەبەرانی ئەو بەرنامەیە دەکات و دەڵێت: ئایا لە ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨دا خەڵکی زۆری بێتاوان مەگەر نەکوژران، مەگەر وەزەیری ناوخۆ دانی بە کوژراوەکانی مانگی خەزەڵووەردا نەنا؟ خۆ ئامریکاییەکان ئەو خەڵکەیان نەکوشتووە.

ئەو مامۆستای زانکۆیە لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا لەو بەرنامەیە، ڕای گەیاندووە: "ئایا خەڵک بۆیان هەیە ناڕەزایی دەرببڕن کە کوڕیان کوژراوە یان نا، ئایا بەرپرسانی حکوومەتی دەیانتوانی گارانتیی ئەوە بدەن بە خەڵک کە کوڕەکانیان ناکوژڕێن یا نا، ئەگەر ناڕەزایەتیی هەیە لە کوژرانی کوڕەکانیان، بچن ئێخەی دەزگای دادوەری بگرن کە دەستی لە کوژرانی ئەو خەڵکەدا هەبووە، داواکاری و بەڕێوەبەرانی ئەمنی دەستیان لە کوژرانی ئەو خەڵکەدا، هەبووە، ئەمانەش دەگەڕیتەوە بۆ سەرۆکەکانی سێ دەزگای وڵات کە هۆکاری ئەو ڕووداوە، بوون"

ئەو کەسە زانکۆیی و ئاکادیمییە هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە:" خەڵک بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە کوژرانی کوڕەکانیان، دەبوو لە سەرۆکەکانی سێ دەزگای دەسەڵات دەبوا ئیزن لە(قاتڵەکان وەربگرن، هەتا ناڕەزایی دەرببڕن"؟.

ئەو مامۆستایە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتی: "بەرپرسانی حکوومەتی ناتوانن بە دۆعاکردن وڵات بەڕێوە ببەن، لە حاڵێکدا، سەرۆکی هەر سێ دەزگای دەسەڵات دەستیان ناوەتە بینەقاقای خەڵک و سفرە خەڵکیان چووکە کردووەتەوە، خەڵک چاوەڕیی ئیزنی ئەوان نابن، ئەگەر ئێوەیە پێشیان بگرن، کە لە ئاکامدا گردەلوولێک ڕێک دەخرێت کە ئەوان لەگەڵ خۆی دەبات".