مامۆستایەکی زانکۆ بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت

15:48 - 9 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: \"جیهان ئەڵڵاکەرەم\" مامۆستای زانکۆی خەڵکی شاری مەهاباد بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە و رووی لە وڵاتی تورکیە کردووە.

\"جیهان ئەڵڵا کەرەم\" ناسراو بە \"جیهان کەرەمی\" لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: دوابەدوای رەوتی بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسانی، چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە ئاگادار کرامەوە کە خۆم بەو ئیدارەیە بناسێنێم، بەڵام بەهۆی ئەوە کە دڵنیا بووم لە ئەگەری خۆ ناساندن بەو ئیدارەیە، بەرەوڕووی دەستبەسەر کران و ئەشکەنجە دەبمەوە، بەناچاری زێدی خۆمم بەجێهیشت.

ناوبراو مامۆستای وانەی \"فەلسەفەی پەروەردە\" لە زانکۆی پەیام نووری مەهاباد بووە و هاوکات لە چەندین بڵاڤۆکی خوێندکاریی ئەو زانکۆیە و کۆمەڵێک چاپەمەنیی ناوچەییدا چالاکیی هەبووە و هەروەها ماوەیەکیش لە بورای مافی مرۆڤیشدا چالاکی نواندووە.

جیهان کەرەمی سەرنووسەری گۆڤاری داخراوی \"رسکان\" و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری مەهاباد و هەروەها بۆ ماوەی ٢ دەورە سەرپەرستی ئەو ئەنجومەنەی لە ئەستۆ بووە.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە بڕوانەمەی کارناسیی باڵای زانستی په‌روه‌رده‌ی لە زانکۆی شاری مازندەران وەرگرتووە و لە دەورانی خوێندنیشدا یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی ئەو زانکۆیە بووە.

هەروەها ماوەیەک پێشی ئێستا، “مادێح نەزەری” رۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سنە و سەرنووسەری حەفتەنامەی \"دیدگاه\" پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ئاگادار کرایەوە خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بناسێنێت، بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت و رووی لە وڵاتی تورکیە کرد.