مامۆستایەکی دەرکراوی زانکۆ لە مەهاباد دەسبەسەر کرا

20:21 - 13 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی دەرکراوی کورد لە زانکۆ، خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەزەڵوەر، \"دوکتور هیوا حەفیدی\" خەڵکی شاری مەهاباد و مامۆستای پێشووی زانکۆی شاری قەزوێن، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیانه بردووتە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە گوندی\"قزڵقوپی\" و پاش دەسبەسەر کردنی ناوبراو دەستیان بە لێدانی ئەو مامۆستا کوردە کردووە.

ئەو مامۆستا پێشوویەی زانکۆی قەزوێن پاش دەسبەسەر کردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هەنووکە هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

دوکتور هیوا حەفیدی خاوەنی بڕوانامەی دوکتوری وێژەیی زمانی عەرەبی و مامۆستای پێشووی زانکۆی قەزوێن، لە ساڵی ٩٢ لە ژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە سەر کارەکەی دەرکراو و هەروەها لە هەر جۆرە چالاکێکییەکی فەرهەنگی و وانەوتنەوە بە شێوەی فەرمی لێی قەدەغە کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆڕتە بڵاوەکراوەکان، ٣٠ کەس لە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و سەقز لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

\"مەکتەب قورئانی کوردستان\" شوناسی ژمارەیەک لە دەسبەسەر کراوەکانیان بە ناوەکانی \"ڕەحمەت نسوحی، ئەحمەد ئەڵلاهی، ئاوارە قەیتران، سادق حوسێن‌پەری، سدیق ڕەحمان‌زادە، ئوسامە ڕەحمانزادە، حیسام محەممەدی، محەممەد ئارمان، خدر اختتار، ئوسامە، نیزام کەچکار، ئیبراهیم تیزور، هادی میکانیک، ئیبراهیم کاشیکار و شاروخ تیزور\" ڕاگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.