مامۆستایەکی خەڵکی شاری پیرانشار دەستبەسەر کرا

16:01 - 31 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان، مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی شاری پیرانشار سەر بە پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ٣٠جۆزەران، هێزە ئیتلاعاتییەکان یەکێک لە مامۆستا ناسراوەکانی شاری پیرانشاریان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار شوناسی ئەو مامۆستا کوردەی بە\"عەبدولکەریم ئازەرین\" پێشنوێژی مزگەوتی\"هیجرەت\" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەستبەسەر کردنی ئەو مامۆستا کوردە، چوونەتە ماڵی ناوبراو و هێندێک کەرەستەی شەخسیی مامۆستا عەبدولکەریمیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش گواستنەوەی ئەو مامۆستا کوردە بۆ گرتووخانەی شاری ورمێ، بۆ تەواو کردنی کاری لێکۆڵینەوەی ئەو مامۆستا کوردە بنەماڵەی ناوبراویان ئاگادار کردووتەوە.

نزیکانی ئەو مامۆستا کوردە هۆکاری دەستبەسەر کردنی مامۆستا عەبدولکەریمیان بۆ کردنەوەی خوێندنگەی زانستە ئایینیەکانی\"سەعیدنەوڕەسی\" لە شاری پیرانشار گەڕاندەوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش، لقی ٩ی دادگای تایبەت بە ڕۆحانیەتی شاری تەورێز، مامۆستا محەممەد خزرنژاد، پێشنوێژی گوندی\"ناچیت\" سەر بە شاری بۆکانیان به ١٥ مانگ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرد.

دادگای تایبەتی ڕۆحانیەتی تەورێز بە تۆمەتی\" کردنەوەی خوێندنگەی زانستە
ئایینییەکان، پڕۆپاگەندە دژی نیزام، ڕەخنە گرتن لە کردەوەکانی بەرپرسانی حکوومەتی، داکۆکی کردن لە مافی کۆڵبەران\" ئەو حوکمەی بۆ ئەو مامۆستا کوردە بڕیوەتەوە.