مامۆستایەکی ئایینی کورد لە شاری ورمێ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

22:02 - 4 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەڵاحەدین ئەیووبی و یەکێک لە مامۆستایانی پێشنوێژی مەزهەبی سوننی لە شاری ورمێ بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندی شاری تەورێز ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی بانەمەڕ، مامۆستا ڕەزا عەبدی یەکێک لە مامۆستا ئایینەکانی کورد سوننی مەزهەبی شاری ورمێ بە دانی بارمتە لە زیندانی ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا ئایینە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، پاش بانگهێست کردنی بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانیەتی شاری تەورێز، دەستبەسەر كرا و بۆ زیندانی ناوەندی گوازرایەوە.

دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت لەژێر چاوەدێڕیی ڕاستەخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دایە و بەرپرسی سزادانی قەزایی ئەو مامۆستایانەیە كە ڕەخنەگر یان دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانن.

ئازاد کردنی مامۆستا ڕەزا عەبدی ، مامۆستای ئایینی کورد لە شاری ورمێ لەگەڵ پێشوازی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو بووە.

پێشتر ئەو مامۆستا كوردە بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستە ئایینییەكانی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری ورمێ و هەروەها پێشنوێژی مزگەوتی قودسی شارۆچكەی ئیسلام ئاوای ئەو شارە بووە.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەكی ئاگادار، نوێنەری وەلی فەقیه لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لەو مامۆستا ئایینییە ناڕازین.

پێشتر ئاژانسی كوردپا ناوی لانیكەم ٩ زانایی ئایینی كوردی بڵاو كردبووەوە كە لە سەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە سەر كارەكەی خۆیان وەكوو مامۆستای ئایینی وەدەرنرابوون.