مامۆستایەکی ئایینی کورد بە دانانی گرێو ئازاد کرا

15:11 - 9 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی شاری پیرانشار، دوای سێ مانگ دەسبەسەر کردن بە دانانی گرێوێیەکی ١٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی ٤ی ڕەزبەر، مامۆستایەکی ئایینی دیاری شاری پیرانشار دوای سێ مانگ دەسبەسەر بوون لە زیندانی ورمێ ئازاد بوو.

ئەم مامۆستا ئایینییە دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ و بە دواداچوونی دۆسیەکەی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، دادوەری دۆسیەکەی بڕیاری ئازاد کردنی ئەم مامۆستا ئاینییەی بە مەرجی دانانی ١٥٠ میلیۆن تمەن گرێو پەسەند کرد.

پێشتر وەزارەتی ئیتلاعات مەرجی ئازاد کردنی ئەم مامۆستا ئاینییەی بە لابردنی ناوبراو لە پۆستی بەڕێوبەریی قوتابخانەی زانستی ـ ئایینی \"شێخ سەعید نەورەسی\" ڕاگەیاندبوو.

بە بۆنەی ئازاد کردنی مامۆستا عەبدولکەریم ئازەرین، \"حەسەن ئەمینی\" بەرپرسی شۆرای مەکتەب قورئانی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینی سنە، بانە و سەردەشت سەردانی ماڵی ناوبراویان کرد.

حەسەن ئەمینی، لەم سەردانەدا ڕایگەیاندووە: ئێمە لەگەڵ توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی نەبووین و نابین، بەڵام لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا واز لە مافە ڕەواکانی خۆمان ناهێنین\". هەروەها جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە حکوومەت نابێت تێکەڵی کاروباری قوتابخانە و مزگەوتە سونییەکان ببێت و بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانە دەبێت لە ئەستۆی سونییەکاندا بێت.

شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ، مامۆستا \"عەبدولکەریم ئازەرین\" پێشنوێژی مزگەوتی \"هیجرەت\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی پیرانشارەوە دەسبەسەر کرابوو.