مامۆستایەکی ئایینی لە پێشنوێژی کردنی مزگەوتی دەمامەی شاری بانە لابرا

14:45 - 16 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینی شاری بانە بەهۆی بەردەوامبوون لەسەر بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی لەلایەن دادگای شۆرای ڕۆحانییەتی هەمەدان، لە مەلایەتی لادرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمە، مامۆستایەکی ئایینی کورد بە ناوی \"ساڵح شەریفی\" پێشنوێژی مزگەوتی \"دەمامە\"ی شاری بانە، لەلایەن دادگای شۆرای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان لە سەر کارەکەی وەلا نرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو مامۆستا کوردە لەلایەن دادگای ڕۆحانییەتەوە پێی ڕاگەیەنراوە، ئەگەر لە سەر پێشنوێژییەکەی بەردەوام بێت، لێپرسیەنەوەی لێ دەکرێت و سزا دەدرێت.

لابردنی ئەو مامۆستا ئایینییە پەیوەندی بە بەردەوامیی ناوبراو بووە لەسەر بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی لە مزگەوتی دەمامە و ئەوەیکە پێویستە تەنیا لە مزگەوتی جامیعەی شاری بانە نوێژی هەینی بەڕێوە بچێت.

گوشار خستنە سەر ئەو مامۆستایە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە بووە و داوایان لە دادگای ڕۆحانییەت کردووە کە ئەو مامۆستایە ئیزنی پێشنوێژی کردنی لە مزگەوتی دیکەش پێ نەدرێت.

پێشتریش، دادگای تایبەت بە مامۆستا ئایینییەكان لە شاری تەورێز، مامۆستایەکی ئایینیی کوردی بە ناوی \"مەلا ڕەزا عەبدی\"ی، پاش ئەوەی كە بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ئەو شارە بانگهێشت كرد، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و ٢ سال دوورخرانەوە لە شاری ورمێ مەحكووم كرد.

دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت لە ژێرچاوەدێڕیی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە و بەرپرسی سزادانی قەزایی ئەو مامۆستایانەیە كە ڕەخنەگر یان دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانن.