مامۆستایەکی ئایینی لە شنۆ، بەهۆی دژایەتی داعش بانگهێشی ئیتلاعات کرا

15:43 - 12 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بەهۆی دژایەتی کردنی رێکخراوی داعش، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی خاکەلێوە، مامۆستایەکی ئایینیی کوردی خەڵكی شاری شنۆ، بەهۆی گوتاربێژی لە رۆژی هەینیدا بە دژی داعش، لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو مامۆستایەی پێشنوێژی یەکێک لە گەرەکەکانی شاری شنۆ بووە کە بەهۆی وشیار کردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی رێکخراوی داعش، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: بانگهێشت و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو مامۆستا کوردە لە کاتێکدایە، کە لەماوەی رابردوودا کەسانێکی خەڵکی سیستان و بەلووچستان و ئەفغانستان لەژێر ناوی جەماعەتی تەبلیغدا بە ئاشکرا لە مزگەوتەکانی شاری شنۆدا وێرای قسە کردن بۆ خەڵک، بە ئاشکرا لایەنگرییان لە داعش کردووە.

ئەو مامۆستا ئایینی‌یە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ، کە شوناسی لەلای ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا پارێزراوە، لەلایەن ئیتلاعاتەوە پێی راگەیاندراوە لە ئەگەری دژایەتی کردنی دووبارەی داعش لە مزگەوتەکاندا، بەرەوڕووی حوکمی زیندانی کران دەبێتەوە.

پێشتریش زۆربەی چالاکانی سیاسیی کورد، حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان بە پشتیوانی کردن لە رێکخراوی داعش تۆمەتبار کردبوو.