مامۆستایەکی ئایینی لە شاری شنۆ دەسبەسەر کرا

12:23 - 2 رەزبەر 2722

ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەر، مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "مەلا ئەنوەر ڕەستگار" پێشنوێژی هەینیی گوندی "شێخانـ"ـی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە لە وتەکانی لە ڕۆژی هەینیدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران و هەڵسووکەوتی هێزە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ ناڕەزاتییەکان بە کوژرانی ژینا ئەمینی، گرتبووە کە پاش قسەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی مامۆستا مەلا ئەنوەر ڕەستگاریان، لە ڕێگای شنۆ - پیرانشار دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو مامۆستایە بێ‌ڕێزیان بە ناوبراو کردووە.

ئەو مامۆستا کوردە پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک ل بەردەستدا نییە.

مامۆستا مەلا "ئەنوەر ڕەستگار"، شاعێر و نووسەر خەڵکی "پەسوێـ"ـی شاری پیرانشارە.