مامۆستایەکی ئایینی لە بۆکان بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ورد کردنی قورئان بۆ داپۆشینی میوە، لەو شارە دوور دەخرێتەوە

15:42 - 22 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مامۆستایەکی ئایینیی کوردی یەکێک لە مزگەوتەکانی ناوچەی \"بۆکان\"یان راگەیاندووە کە دەبێ ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مامۆستا هێمن بانەیی لە نوێژی هەینی‌دا ناڕەزایەتیی بە کارگەیەکی بەرهەم هێنانی پووشاڵی سندووقی میوەجات دەربڕیبوو کە قورئانیان بۆ داپۆشینی میوە ورد کردووە.

پێشتریش ماڵپەڕی خەندان بڵاوی کردبوویەوە، شەش ماشێنی بارهەڵگری میوە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، کە میوەکانیان بە پەڕەی قورئان داپۆشرابوون.

\"16760.jpg\"
لوقمان پەرستش رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لەلایەن ناوەندی ئیسلامیی شاری بۆکانەوە، پێشنوێژی کردنی لێ قەدەغە کرا
لوقمان پەرستش ناسراو بە هێمن بانەیی و پێش نوێژی مزگەوتی گوندی \"سەرا\" لە ناوچەی بۆکان کە سەرەڕای ئەوەی کە پێشنوێژی کردنی لە مزگەوتەکان لێ یاساغ کراوە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێ ناوچەی بۆکان بهێلێت.

فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە وەرزی سەرما و لە بەرەبەری زستان بۆ سەر لوقمان پەرستش لە کاتێک دایە کە ناوبراو خێزاندارە و سێ منداڵی وردیشی هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لوقمان پەرستش رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لەلایەن ناوەندی ئیسلامیی شاری بۆکانەوە، پێشنوێژی کردنی لێ قەدەغە کرا.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، \"بڕیاری دوو خستنەوەی هێمن بانەیی لە حاڵێک دایە کە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر زیاتر لە ٣٠ کەس لە کەسایەتییەکانی شاری بۆکان بە مەبەستی پاشگەز بوونەوەی ناوەندی ئیسلامیی شاری بۆکان لەمەڕ دوور خستنەوەی ئەو مامۆستا کوردە، سەردانی \"پوور ئەحمەدی\" بەرپرسی ئەو ناوەندەیان کردبوو، بەڵام پوور ئەحمەدی هەڕەشەی ناساندنی ئەو ٣٠ کەسەی بە ئیدارەی ئیتلاعات کردبوو\".

لوقمان پەرستش، پاش ئەوەی رێکەوتی ٢٤ی رەزبەری ئەمساڵ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، کامپیوتێر و مۆبایل و کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە هەتا ئێستاش رادەستی ئەو مامۆستا ئایینە کوردە نەکراوەتەوە.

دەگوترێت کە مامۆستا لوقمان پەرستش ساڵی ١٣٨٤ بەهۆی نووسینی کتێبێک لە سەرپرسەکانی ژیانی بنەماڵەییەوە بە زمانی کوردی، کەوتە ژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنیەکان و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە ناچاری لە هەرێمی کوردستان ماوەتەوە.

ئەو مامۆستا ئایینیە ماوەی ٢١ ساڵە لە بواری فەرهنگ و ئەدەبی کوردیدا چالاکە و بەهۆی چالاکییەکانییەوە ماڵپەڕی ناوبراو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هاک کرا.