مامۆستایەکی ئایینی بەنیسبەت کوشتنی کۆڵبەران ناڕەزایەتیی دەربڕی

10:37 - 24 رەزبەر 2721

ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەر، مامۆستا "محەممەد شەریعەت‌پەنا" پاش کوشتنی کۆڵبەرێکی سەردەشتی لەسەر گۆڕی ئەو کۆڵبەرە ناڕەزایەتیی دەبڕی و داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی و نیزامیی کرد کۆتایی بە کوشتنی کۆڵبەران بێنن.

ئەو مامۆستا ئایینییە لە گرتە ڤیدیۆیەکی ٥٣ خولەکیدا، وتوویەتی: "بەرپرسانی حکوومەتی ئاگادار دەکەمەوە کە کۆبوونەوەی ئەو خەڵکە لێرەدا، ناڕەزایەتیی دەربڕینە بەنیسبەت کوشتنی کۆڵبەران، بەڵام بە شێویەکی هێمنانە و شارستانییانە".

 ئەو مامۆستا ئایینییە هەروەها وتوویەتی: "کوشتنی کۆڵبەران نەک تەنیا دەردی ئەوان دەرمان ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی زیاتر بێزاربوونی ئەو هاووڵاتییانە، لە بەرپرسانی حکوومەتی".

ئەو مامۆستایە هەروەها ڕایگەیاند: "هیوادارم کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە دووپات نەبێتەوە و هەروەها داوای لە خەڵک کرد کە هەموو لایەک بە شێوەی هێمنانە ناڕەزایەتی بەنیسبەت کوشتنی کۆڵبەران، دەرببڕن".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێک بە ناوی "ژیان عەلیپور"، خەڵکی گوندی "بێژوێ" سەر بە سەردەشت، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژرا.