مامۆستایەکی ئایینی، بۆ دادگای ڕۆحانییەتی هەمەدان بانگهشێت کرا

15:41 - 9 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینیی کورد، خەڵکی شاری بانە، لە لایەن دادگای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدانەوە، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرا.

مامۆستا \"محەمەد ئەدیبی\"، مامۆستای سوننی مەزهەب و خەڵکی گوندی \"کەوپێچـ\"ی شاری بانە، لە لایەن دادیاری لقی ١ی دادسەرای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری هەمەدانەوە، بانگهێشت کرا.

کەمپەینی دادکۆکی لە زیندانییانی سیاسی- مەدەنی، لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هۆکاری ئەو بانگهێشتنامەیە، ئامادەبوون بۆ پێڕاگەیاندنی حوکمەکەی بووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە ئەگەری ئامادەنەبوونی ئەو مامۆستا کوردە، حوکمی دەسبەسەرکرانی لە لایەن دادسەرای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدانەوە، دەدرێت.

پێشتریش، ئیداری ئیتلاعاتی شاری بانە، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری هەمەداندا، لە دژی ئەو مامۆستا کوردە سکاڵای تۆمار کردبوو.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی \"عەلی خامنەیی\"، ڕێبەری حکوومەتی ئێراندایە و بەرپرسی هەڵسوکەتی قەزایی لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی و دژبەری حکوومەتی ئیسلامییە.