مامۆستایەک بە ٢٥ ساڵ ڕابردووی وانەوتنەوە، خۆی کوشت

16:44 - 21 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستاکانی کوردستان لە شاری ورمێ بە هۆی دەستکورتی و هەژاریەوە دەستی‏دایە خۆکوشتن.

بەپێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، لە بەخشی سیلوانا، جێگری قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی \"گردووان\" هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو مامۆستا کوردە، یەحیا ئەحمەدنژاد کوری کازم ڕاگەیەنراوە.

سەبارەت بە پاڵنەری خۆکوشتنی ئەو مامۆستایە، هەواڵنێری کوردپا ڕاگەیاند؛ کوڕە گەورەکەی ئەحمەدی‏نێژاد کە لە زانکۆی پەیام نووری شاری شنۆ دەخوێنێ، ماوەی چەند ساڵ پێش ئێستا تووشی شێرپەنجەی ئێسک بووە و باوکی بە هۆی نەبوونی تێچووی چارەسەر کردنی نەخۆشینی کورەکەی وەزاڵە هاتبوو.

\"29893.jpg\"
هەر لەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە؛ بۆ سێهەمین جار کوڕە ٢٢ ساڵەکەی یەحیا بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ دەکرێت، بەڵام بە هۆی نەخستنی بڕە پارەی داواکراو بە حەسابی سندووق و ڕەت کردنەوەی بیمەی فەرهەنگیان، دوکتورەکان لە چارەسەر کردنی کوڕەکەی خۆیان بواردووە و ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.

هەر لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە نزیکەکانی ئەو قوربانییە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی‏دا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: یەحیا ئەحمەدی‏نژاد کە خەڵکی گوندی \"دوولاپسان\" بووە، مامۆستایەکی ناسراوی ناوچەی مەرگەوەر بووە و لە ٢٥ ساڵ لەو پێشەوە لە پەروەردە و بارهێنان و قوتابخانەکانی ناوچەی ورمێ بە تایبەتی گوندە دواکەوتووەکانی ئەو ناوچەیە، خەریکی وانە وتنەوە بووە.

ئەو لە درێژەدا ئەوەی خستە ڕوو، ئەو مامۆستایە ئێوارەی ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە لە ناو ماشێنەکەی خۆیدا بە چەکی تاپڕ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە بڕوای چالاکانی مەدەنی لە کوردستان، دەوڵەتی تەدبیر و ئۆمید نەتەنیا نەیانتوانیووە کێشەکانی مامۆستایان لە بیاڤی گوزەران و بەڕێوەچوونی ژیانیان چارەسەر بکەن، بەڵکوو لە زۆر بوارەوە کێشەکانیان دووقات بووەتەوە.

لە ساڵی ڕابردوودا، نزیک بە شەش هەزار مامۆستا بەتایبەت ١٠٠ مامۆستا و زیاتر لە ١٥٠ کەس لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایاني كوردستان، بە واژۆ کردنی تۆمارێک بۆ عەلی لاریجانی، بەرپرسی مەجلیس، لە هەڵسووکەوتی سیاسی لەگەڵ کێشەکانی ژیان و گوزەران، ناڕەزایەتییان دەربڕی.