مامۆستایانی کوردستان پێشەنگی مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان

14:44 - 23 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایانی کوردستان هاوکات لەگەڵ مامۆستایانی شارەکانی دیکەی ئێران درێژە بە مانگرتنی خۆیان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، مامۆستایانی شارەکانی سەقز، مەهاباد، دیواندەرە، سنە، مەریوان، کرماشان و ورمێ لە نووسینگەی قوتابخانەکان مانیان گرت و لە بەشداری کردن لە پۆلەکان و وانە وتنەوە خۆیان بوارد.

مامۆستایانی مانگرتوو بە نووسراوە دەسنووەکان خوازیاری پێڕاگەیشتن بە \"فێرکردنی زمانی دایکی، ڕاگرتنی گەڵالەی مامۆستایان، ئازاد کردنی مامۆستایانی بەندکراو، بارهێنانی خۆرایی، چالکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە پتورکاوەکان هەتا دوایی بوون.

وێنەی بڵاوکراوەکان لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات کە مانگرتن لە کوردستان بەرینتر و بەربڵاوتر لە شوێنەکانی دیکە ئێرانە.

دەوترێ، ژمارەیەک لە قوتابیان سەرەڕای ئەوەیکە مامۆستایان ئەمڕۆش درێژە بە مانگرتنەکەی خۆیان داوە، لە قوتابخانەکان ئامادە نەبوون.

شۆرای هەماهەنگی ڕێکخراوەی سینفی فەرهەنگییانی ئێران لە درێژەی مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان لە ئێران و کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕایانگەیاندووە: \"شۆرای هەماهەنگی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران بە ئاگاداری مامۆستایان، خوێندکاران و خەڵکی ئێران ڕادەگەیەنن. شۆرای هەماهەنگی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران لەو ڕێکخراوە سێنفی و یاساییەکانی مۆڵەت‌پێدراوە، ئەم شۆرایە تەشکیلاتێکی سێنفی و سەربەخۆ و یاساییە و سەر بە هیچ ڕەوت، جەناح و حیزبی سیاسئی لە ناوخۆ و دەرەوەی نییە.

ئەم ڕێکخراوە سێنفییە دووپاتی کردووەتەوە: \"شۆرای هەماهەنگی و ڕێکخراوەکانی ئەم شۆرایە، وەکوو تەشکیلاتێکی سەربەخۆی سێنفی هیچ وتەبێژ، نوێنەر و لقێکی لە دەرەوەی وڵات نییە\".

چەند ڕۆژ پێش، شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوەی سێنفی فەرهەنگییان لە ئێران لە بانگەوازێکدا داوای لە فەرهەنگییان کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ٢٢ و٢٣ خەزەڵووەر، بە نیسبەت جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکان مان بگرن.