مامۆستایانی کوردستان بە مانگرتن پشتیوانیی خۆیان لە ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا دەربڕی

12:42 - 18 بانەمەڕ 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی بانەمەڕ، مامۆستایانی مەریوان پاش بانگەوازی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان بۆ پشتیوانی لە ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا و ناڕەزایەتیی دەربڕین بەنیسبەت بێڕێزی و سووکایەتیکردن بە مامۆستایان مانیان گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای هەڕەشە و گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، مامۆستایانی مەریوان به مەبەستی پشتیوانی لە ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان و هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت سووکایەتیکردن بە مامۆستایان دەستیان دایە مانگرتن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانامەڕ، مامۆستایانی مەریوان بە مەبەستی پشتیوانی لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراو و ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت سووکایەتی و بێڕێزی بە مامۆستایان لە کۆبوونەوەی ١١ی بانەمەڕ لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەدە و بارهێنانی ئەو شارە کۆ دەبنەوە.

ڕۆژی هەیەنی ١٦ی بانەمەڕ، ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک داوایان لە مامۆستایان کرد کە بە مانگرتن و کۆبوونەوە پشتیوانیی خۆیان لە ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا دەرببڕن.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە کران.

 ئەو دوو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفوونیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە و لەو ماوەیەدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراون.