مامۆستایانی ناڕازیی پارێزگای کرماشان کۆبوونەوە

14:02 - 7 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: فەرهەنگیانی خانەنشین کراوی پارێزگای کرماشان، سەبارەت بە دۆخی ناڵەباری ژیان و گوزەرانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێێ ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەدان کەس لە خانەنشین‌کراوەکانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیان دەربڕی و لە بەرانبەر درگای ڕێکخراوی خانەنشین کراوەکان لە شاری کرماشان کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەی مامۆستایانی کورد هاوکات لەگەڵ چەندین شاری دیکە بە تایبەت شاری تاران بەڕێوەچوو، و بەدانی دروشمی\"هێڵی هەژاری سێ میلیۆن، پارە یەک میلیۆن\" ناڕەزایەتی خۆیان لە مەڕ خراپیی دۆخی ژیانیان دەبڕی.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، فەرهەنگیان داواکاری هاوسەنگ کردنی مووچە و مەزایای تەواوی مووچەخۆرەکانی دەوڵەت و زیاد کردنی مووچەی مامۆستایانی خانەنشین کراو بوون.

هەروەها هەواڵدەریی ئیلنا، باسی لە کۆبوونەوەی هاوشێوەی مامۆستایان لە شارەکانی تەورێز و مەشهەد کرد.

کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بەرپرسی کانوونی خانەنشین کراوەکانی پەروەردە و بارهێنانی پاڕێزگای کرماشان، لەکاتی سەردانی حەسەن ڕووحانی بۆ ئەو پارێزگایە، نامەیەکی سەرئاوەڵای سەبارەت بە دۆخی ژیانی فەرهەنگیانی خانەنشین کراوی ئاراستەی سەرکۆماری ئێران کرد.

لەو نامە سەرئاوەڵادا بەرپرسی کانوونی خانەنشین‌کراوەکان، باسی لە \"کێشە و گرفتی مادی، ماڵی و ژیان و گوزەرانی خانەنشین کراوەکان، کردبوو.

هەروەها لەو نامەدا ئاماژە بۆ جێبەجێ کردنی ١٦ حاڵەت لە داوکاری مامۆستایان لە کورترین ماوەدا کرابوو.

نزیکەی ٦٥٠ هەزار مامۆستای خانەنشین کراو لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان مووچە وەردەگرن.

بەپێی ڕاگەیاندنی سەندووقی خانەنشین کراوەکانی ئێران، پارەی ١٣٧ هەزار کەس لەو مامۆستایانە بەپێی یاسای خزمەتگوزاریی ئێران نیە و بڕی مووچەی ئەو توێژەی کۆمەڵگا زۆر کەمە.