مامۆستایانی مەریوانی خوازیاری ئازادکردنی \"یاسر ئەمینی‌‌ئازەر\" بوون

15:16 - 25 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایانی شاری مەریوان، پشتیوانییان لە مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بانەمەڕ، مامۆستایانی شاری مەریوان، لە هەوڵێکدا، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی \"یاسر ئەمینی‌ئازەر\"، مامۆستای کوردی خەڵکی شاری مەهاباد\" ناڕەزایەتییان دەربڕی و خوازیاری ئازاد کردنی ئەو مامۆستا کوردە بوون.

مامۆستایانی مەریوانی لەو هەوڵەدا، ڕایانگەیاندووە کە شوێنی مامۆستا، پۆلی وانەوەتنەوەیە، نەک زیندان و ئێمە هەموومان \"یاسر ئەمینی‌ئازەریـ\"ـن.

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕ، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد، بە ناوی \"یاسر ئەمینی‌ئازەر\"، خەڵکی ئەو شارە، لە لایەن مەئموورانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ماوەیەک پێش، یەکێک لە نزیکانی ئەو مامۆستا کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بانەمەڕ، بەڵگەی تاوانەکانی لە لایەن بەرپرسی هەیئەتی پێراگەیشتن بە سەرپێچییەکانی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری ورمێ، بەو مامۆستا کوردە، دراوە.

پێشتریش، ئەو مامۆستا کوردە، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧دا، بە هۆی مانگرتنی سەرەتاسەریی مامۆستایان، بانگهێشتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد کرابوو و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوو.

ئەو مامۆستا کوردە، بە هۆی ئەوەی کە قوتابییانی هانداوە کە قوتابخانەکانیان لە ڕەوتی مانگرتنی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧دا دابخەن و هەروەها مامۆستایانی هانداوە کە بەشداری لە مانگرتنی مامۆستایان، وەکوو بەڕێوەبەری قوتابخانە دواناوەندییەکانی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد بکەن، تاوانبار کراوە.