٦ مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز لە تۆمەتەوەپاڵدراوەکانیان بێتاوان دەرچوون

14:27 - 19 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆزگەری دادگای گشتیی و ئینقلابی شاری سەقز حوکمی پێشگرتن و بێتاوان بوونی ٦ مامۆستای کوردی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٦کەس لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز بە ناوەکانی \"تاهیر قادرزادە، سلێمان عەبدی، سەید عەلی حوسێنی، ئەحمەد قادری، حەمید یەزدانی و خالید عەبدوڵلاهی\" لە تۆمەتی وەپاڵدراویان\"تێکدانی نەزمی گشتیی\" بێتاوان دەرچوون.

ئەو حوکمە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، لە لایەن دۆزگەری دادسەرای گشتیی و ئینقلابی شاری سەقز دەچووە و ئەم ٦ مامۆستا کوردە بە هۆی بەشداری لە مانگرتنی گشتیی فەرهەنگییان لە ماوەی ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ ڕەزبەر بە تۆمەتی \"تێکدانی نەزمی گشتیی\" تاوانبار کرابوون.

ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر، شەش کەس لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز بە ناوەکانی \"تاهیر قادرزادە، سلێمان عەبدی، سەید عەلی حوسێنی، ئەحمەد قادری، حەمید یەزدانی و خالید عەبدوڵلاهی\" بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکن کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.