مامۆستای خوێندگەکانی شاری سەقز مانیان گرت

16:02 - 1 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەرای فشاری ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بۆ سەر مامۆستایان و چالاکانی سینفیی پەورەردە و فێرکردن لە شاری سەقز، مامۆستایانی کوردی ئەو شارە لە چوونە سەر پۆلەکانی وانە وتنەوە خۆیان بوارد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە ریکەوتی ٣٠ بەفرانبار، بەشێکی بەرچاو لە مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری پەروەردە و فێرکردن، مانیان گرت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز راگەیاند، زیاتر لە سەدا ٥٠ی مامۆستایان لە دەفتەری قوتابخانەکاندا ماونەتەوەو نەچوونەتە سەر پۆلەکانی وانە وتنەوە.

سەرچاوەیەک بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە، ئەو مانگرتنەی مامۆستایان لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی شاری سەقزدا بەرچاوتر بووە، ئەو مامۆستایانەشی کە چوونەتە پۆلەکانی خوێندن، لە وانە وتنەوە خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتووشیەتی؛ لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە (٢٨ و ٢٩ی بەفرانبار)دا، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان لە شارەکانی دیکەی کوردستانی ئیرانەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکین کراون و هەڕەشەیان لێکراوە لە بەشداری کردن لەو مانگرتنەدا خۆ ببویرن.

دەگوترێ لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ، ورمێ و نەغەدە، بەشێک لە مامۆستای قوتابخانەکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیستەمی پەروەردە، تێکەڵ بە رەوتی مانگرتنەکە بوون و خۆیان لە وانە توینەوە بە قوتابیان بواردووە.

لە ماوەی رۆژانی رابردووشدا یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران  راگەیاندراوێکی بۆ مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان لە قوتابخانەکانی ئیراندا بلاو کردبوویەوە.

یەکدەست کردنی مووچەی فەرمانبەران، چاکسازیی سیستەمی بەرێوەبەری، لابردنی کەشو هەوای ئەمنیەتیی خوێندگەکان، چاکسازیی پرۆسەی خانەنشینیی مامۆستایان، رێزگرتن لە زمان، کولتوور و ئایینی جیاواز بەشیک لە داخوازیی ئەو رێکخراوە سینفییەی مامۆستایان بووە.

سەرەتای وەرزی خویندنی ئەمساڵیش، زیاتر لە ١٣٠ مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ناڕەزایەتییان بە کارکرد و هەڵسووکەوتی \"نابەرپرسانە و هەڵاواردنکارانەی\" بەریرسی ئیدارەی پەروەردەو بارهێنانی شاری سەقز دەربڕیبوو.

ئەو ١٣٠ مامۆستایەی شاری سەقز لەو نامەیەدا باسیان لەوە کردبوو، کە بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە سەرەڕای ئەوەی دۆخی خوێندگەکانی ئەمنیەتی کردووە، دۆخی ترس و بێ متمانەیی لە نیو مامۆستاکاندا پێکهێناوەو پەروەندەسازیی بۆ چەندین مامۆستای قوتابخانە و خویندگەکانی شاری سەقز کردووە.

ئا: ئارام. ح