مامۆستا هێدی شاعێری کلاسیکی کورد کۆچی دوایی کرد

20:15 - 6 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: مامۆستا هێدی شاعێری ناسک خەیاڵی کورد لە شاری هەولێر لە کوردستانی باشوور، کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر، خالید ئاغای حیسامی ناسراو بە\"هێدی\" شاعێری ناسراوی کورد بە هۆی نەخۆشینی دڵەوە ماڵئاوایی لە شاعێران و هوزانڤانانی کوردستان کرد.

مامۆستا ‌هێدی لە تەمەنی ١٨ ساڵێدا و لە کاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، تێکەڵ بە کاروباری سیاسی دەبێت و بەناوی \"شێواو\" دەستی بە کار و چالاکی و شێعر هونینەوە کردووە.

ئەو شاعێرە ناسک خەیاڵ و نیشتمانپەروەرە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان ڕوو لە کوردستانی باشوور دەکات و تێکەڵ بە شۆڕشی کوردستانی باشوور دەبێت و خزمەتێکی بەرچاو بە زمان و وێژەی کوردی دەکات.

بەشێک لە شێعرەکانی مامۆستا هێدی لە دیوانێکدا بە ناوی \"کاروانی خەیاڵ\" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

مامۆستا هێدی لە گوندی شێخاڵی لە نیوان بۆکان و مەهاباد لە ساڵی ١٣٠٦ی هەتاوی لەدایک بووە، و لە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٩ ساڵێدا کۆچی دوایی کرد.