مامۆستا عەبدوسەلام گوڵنەواز: من لە پێشدا کوردم پاشان موسڵمان + وتووێـژ

16:04 - 12 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: عەبدوسەلام گوڵنەواز، مامۆستای ئایینی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی کوردپا، تـۆمەتەکانی دادگای تەورێزی بە ناڕاست لە قەڵەم دا.

رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردوو، پێش نوێژی مزگەوتی \"حەزرەتی عومەر\"ی شاری سەردەشت لەلایەن دادگای تایبەتی رۆحانییەتی شاری تەورێزە حوکمی ٦ ساڵ زیندان و لە بەر نەکردنی جلوبەرگی ئایینی بۆ بڕایەوە.

ئەو مامۆستایە ئەو تۆمەتانەی دادگای تەورێزی رەت کردوە و رایگەیاند؛ \"من ئەندامی مەکتەب قورئانم، بەڵام بەدژی نیزام و پێکهێنانی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێـوان سوننی و شیعە و تەبلیغات بۆ حیزبی دێمۆکرات، هیچ هەوڵێکم نەداوە\".

\"15066.jpg\"
عەبدوسەلام گوڵنەواز، مامۆستای ئایینی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت
ئەو مامۆستا ئایینیە رایشیگەیاند؛ \" ئەندامەتیی من لە مەکتەبی قورئاندا تەنیا لە چوارچێوەی مەزهەبی سوننیدا بووە و ئاوێتـەی کاروباری سیاسی نەبووم، بۆیە ئەو تۆمەتەی دادگا، سەبارەت بە تەبلیغات بە دژی نیزام، دوور لە راستییە\".

ئەو مامۆستایەی مزگەوتی \"شیوە برایم\"ی شاری سەردەشت لە وەڵامی پرسیارێکدا کە وەڵامی ئێوە لە دادگا بۆ دادکۆکی لە قازی محەممەد چی بووە، رایگەیاند: \" لە پێشدا من کوردم پاشان موسڵمان و تەنیا پێشوا قازی محەممەدم بە کەسایەتییەکی مەزنی کورد و پەیڕەی مەزهەبی سوننی وەسف کردووە و پێموایە ئێمە هەموومان قەرزداری پێشەوا قازی محەممەدین\".

سەڵام گوڵنەواز دەشڵێت: دادوەرەکانی دادگای رۆحانییەت سەرجەم لە مەلای شێعە پێکهاتوون، بۆیە من لە کاتی بەرگری کردن لەخۆم ئەو دادگایەم بە نایاسایی لە قەڵەم دا، چونکە یەک مامۆستای سوننی مەزهەب لە نێو ئەو دادوەرانەدا بوونی نەبوو.

ناوبراو ئەوەشی خستەروو، \"بەهۆی یاسای تایبەتیی دادگای رۆحانییەتەوە، لە مافی پارێزەر بێبەری بووم، چونکە دەبوا پارێزەرەکەم مەلای ئایینی بوایە و هیچ کام لە پارێزەرەکانیش مەلای ئایینی نین\".

ئەو مامۆستا ئایینە لە ماوەی ٢٠ سالی رابردوودا بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ژێر زەخت و گوشاردا بووە و هەتا ئیستا دەیان جار لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.