مافوری سپیی ئاشتی لە شاری بۆکان ڕوونوێنی کرا

15:14 - 4 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: مافوری سپیی ئاشتی بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و دروستکەرانی مافور لە بۆکان، پەردەی لە سەر لادرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو ٢ی بەفرانبار، لە هۆڵی فەرهەنگسەرای سیمۆرغی شاری بۆکان، بەرهەمی دەستی گرێچنی هونەرمەمدانی ئەو شارە ڕوونوێنی کرا.

مافوری سپیی ئاشتی بەرهەمی هونەرمەندانی بۆکانی دووهەمین بەرهەمە کە پاش تابلۆی مافوری شێعرەکانی شاعری ئێران سەعدی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەواسرێ.

هونەرمەندانی شاری بۆکان ڕایانگەیاندووە ئامانجیان لە دروست کردنی ئەو مافورە سپییە گەیاندنی پەیامی \"نا بۆ شەڕ و خوێنڕشتن، بەڵکوو بە پەیامی بەڵی بۆ ئاشتی\"یە و ئەم بەرهەمە هونەرییەیان پێشکەش بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.

مافوری سپیی ئاشتی لە لایەن ١٥ هونەرمەندی دەستڕەنگینی شاری بۆکان چنراوە کە زیاتر لە ٢٢ میلیۆن گڕێی تیدایە و لە دوو پارچە ڕاخەری ١٢ لە ١٦ مێتری دروست کراوە.

لە مافووری ئاشتیدا ١٩٦ کۆتر کە هەڵگری شاخە گوڵی ئاشتییە دەبیندرێ؛ هەروەها بە ١٠٥ زمانی زیندووی جیهان لەو ڕاخەرەدا وشەی ئاشتی نەخشێنراوە.

لە مافووری سپیی ئاشتیدا لە دوو ڕەنگی سپیی و زەیتوونی کەڵک وەرگیراوە.