ماشێنی هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان ئاگری گرت

14:23 - 24 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ماشینی هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە جاددەی نێوان مەریوان_سەقز، تەقییەوە و لە ئاگردا سووتا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار، ماشینی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی\"محەممەد\" لە جاددەی سەقز_مەریوان، لە ناوچەی سەرشیو، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ئاگردا سووتا.

ئەو ڕووداوە، خەسارەتی گیانی لێنەکەوتووتەوە، بەڵکوو تەنیا شتومەکی ئەو کاسبکارە کوردە لە ئاگردا سووتا؛ دەوترێ هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی نایاسایی، ماشینی ئەو کاسبکارە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گوللە.

پێشتریش، ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە دوو رووداوی جیاجیادا بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، ماشینی دوو کاسبکاری کورد لە مەریوان و پاوە لە ئاگردا سووتان.

ئەمە یەکەم جار نییە کە هێزەکانی حکوومەتی بێ‌هیچ هۆکارێک بە بڕیاری دەزگای قەزایی تەقە لە ماشینی کاسبکارانی کورد دەکەن؛ تاکوو ئێستا بە دەیان جار کاسبکارانی کورد کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە ئینتزامییەکانی ئێران و بە تووندی بریندار بوون و تەنانەت گیانیشیان لەدەست داوە.