ماشینی ئێعدامەکان لە کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە

16:04 - 1 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ڕۆژی رابردوودا، دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، لە دوو پارێزگای کوردستان لەژێر ناوی تاوانی \"کوشتنی بەئەنقەست\" هەشت هاووڵاتی ئێعدام کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی دووشەممە ١ی گەلاوێژ، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی شنۆ و بۆکانیان جێبەجێ کردووە.

شوناسی ئەو سی هاووڵاتییە کوردە، بە ناوەکانی \"فاروق دەریایی\"، \"مەحموود حەمزە‌زادە\" و \"کەماڵ سوڵتانی\" ڕاگەیەندراوە.

دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، ئەو سێ هاوووڵاتییە کوردەی بە تاوانی \"کوشتنی بەئەنقەست\" بە ئێعدام مەحکووم کردبوو.

ئەو سێ هاووڵاتیی کوردە، ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ورمێیەوە، بۆ ژووری تاکەکەسیی ڕەوانە کرابوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕ، پێنج زیندانیی بە تاوانی \"کوشتنی بەئەنقەست\" لە زیندانی ناوەندیی دێزڵاوای شاری کرماشان لە سێدارە دران.

شوناسی یەکێک لەو پێنج کەسە، بە ناوی \"عەلیڕەزا ئاشووری\"، تەمەن ٥٧ ساڵ ڕاگەیەندراوە و شوناسی ئەو چوار کەسەکەی دیکە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

کارناسانی بواری کۆمەڵایەتی دەڵێن: سزای ئێعدام لە سەر کەمکردنەوەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا کاریگەریی نەبووە و تەنیا پەرەی بە توندوتێژی لە کۆمەڵگەی ئێران داوە.