ماشینی کاسبکارێکی کورد، کەوتە بە دەسڕێژی گوللـەی هێزە حکومەتییەکان

14:54 - 5 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ماشینی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری بانەیان، دایە بەر دەسڕێژی گوللـە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە، ٣ی گەلاوێژ، ماشینی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی گوندی \"سەبەدلوو\"ی سەر بە شاری بانە، کەوتووەتە بە دەسڕێژی گوللـەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان.

هێزە نیزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ، تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ماشینی ئەم کاسبکارە کوردە کردووە و بەبێ ڕەچاوکردنی یاساکانی بەکارهێنانی چەک، دووکانەی کاسبکارانیان لە بانەدا داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە و تووشی زەرەر و زیانیان کردوون.

لەماوەی ساڵانەی دواییدا، هێزە نیزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگا و بانەکانی کوردستانی ئێران، سەرنشینی ماشینەکان بە بیانووی هەڵگرتنی ماددەی قاچاخ دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللـە، کە لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی مردنی هاووڵاتیانی کورد و لەم پێوەندییەدا هیچ ناوەندێکی حقووقی و فەرمی وەڵامدەری ئەم کارە نایاساییەی مەئموورانی هێزە نیزامییەکانی ئێران نییە.