مادەی هۆشبەر لە ئێران ڕۆژانە گیانی ١٠کەس دەستێنێت

15:41 - 27 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی ٦٠%ی تاوانە جۆراوجۆرەکان و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ تووشبوون بە مادەی سڕکەر گەڕاندەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەرپرسی ئیدارەی بێهزیستیی شاری کرماشان، تاوانە جۆراوجۆرەکان لە ئێرانی بۆ پرسی مادەی هۆشبەر لە ئێران گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: تووشبوون بە مادەی هۆشبەر وەکوو گەورەترین خەساری کۆمەڵایەتی، سەرچاوەی زۆربەی هەرە زۆری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتە بە ئەژمار دێت.

زۆهرە شەریفی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی\"تسنیم\"ی کرماشان نزیک لە سپای پاسدارن، ڕایگەیاند: ڕۆژانە ١٠ کەس لە ئێران بە هۆی ماددەی هوشبەر گیانلەدەست دەدەن و هەروەها ڕۆژانە ٧٠ کەسی دیکە بە ئاماری تووشبووان بە ماددەی سڕکەر زیاد دەبن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تووشبوو لە ئێراندا بوونیان هەیە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی چوار ملیۆن تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لەئێراندا دەکەن.

هەروەها بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بە شێوەی کاتی و بۆ ڕابواردن \"تفنن\" ماددەی سڕکەر بەکاردەهێنن.

مێژووی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ئێران، بۆ دەورانی بنەماڵەی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و بە شێوەی چاندنی تۆوی خەشخاش پەرەیان بە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری \"تریاک\" وەرگرتووە.