مادە سڕكەرەكان خورەی گیانی لاوانی مەهاباد/ حكوومەتی ئێران پێشگیری ناكات

18:48 - 24 رەزبەر 2711
كوردپا: هێندێ‌ كەس و لایەن لە شاری مەهاباد بە شێوەیەكی ئاشكرا لەنێو هاووڵاتیاندا مادە سڕكەرەكان بڵاو دەكەنەوە و دەزگا پێوەندیدارەكانی حكوومەت لەو شارە هەوڵێك بۆ پێشگرتنی ناگرنە بەر.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هێندێ‌ مادەی هۆشبەری وەكوو تریاك، شیشە و حەبە وزە بەخشەكان لەنێو هاووڵاتییانی شاری مەهاباد بە تایبەتی لاوەكاندا بڵاو دەكرێتەوە و كەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەكانی حكومەتیش بۆتە هۆكاری پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە.
لەم ساڵانەی دواییدا هێندێ‌ مادەی سڕكەری وەكوو :\"هێرۆئین، حەشیش و عەلەف (گراس)\" بە مەترسیترین مادەی هۆشبەر دهاتنە ئەژمار، بەڵام لە حاڵی حازردا مادەیەك بە ناوی شیشە كە مەترسیدارتر و خەست و خوڵتر لە هێرۆئین بازارەكانی ئێرانی لەخۆ تەنیوە.
بەپێی ئاماری هەواڵدەریی میهر لە ئێران 27 هەزار كەس بەكار هێنەری مادەی شیشە هەیە.
لە سەدا90‎ی بەكارهێنەرانی شیشە تەمەنیان لە خوار 28 ساڵەوەیە.
مادەی شیشە بۆ ماوەی سێ‌ ساڵە هاتۆتە ناو بازارەكانی ئێران و لە سەرەتادا یەك كیلۆی مادەی شیشە 17 میلیۆن تمەن بووە كەچی ئێستا 1 كیلۆ شیشە بە 5 میلیۆن تمەنە.
ئەمە لە حاڵێك دایە كە یەك كیلۆ مادەی شیشە لە وڵاتانی تایلەند و مالێزی80 میلیۆن تمەنە.
بەپێی یاساكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر كەسێك بە30 گرەم شیشەوە دەستبەسەر بكرێ‌ سزاكەی ئیعدامە.
حەمید رەزا حوسێن ئابادی لێپرسراوی پیشووی پۆلیسی مەوادی موخەدیر ئیدیعای ئەوەی كردبوو، لە دووساڵی رابردۆوە هەتا ئێستا نزیك بە 87 كارگەی بەرهەمهێنەری مادەی شیشەیان لە ئێران لەناو بردووە.