ماتەمینی خەڵکی کوردستان بۆ گیان لەدەستدانی چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان

22:16 - 4 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: تەرمی چوار ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی خەڵکی شاری مەریوان و باقی شارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە خاک ئەسپێردرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی خەرمانان، هەموو خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی ئێران، بە تایبەتی شاری تاران، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی چوار چالاکی ژینگەپاریزی شاری مەریوان بە تایبەتی شەریف باجوەر، بەشدارییان کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاند\" ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سەرجەم شارەکانی کوردستانی ئێران و هێندێک لە هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی ئێران لە بەردەم بینای مزگەوتی سەلاحەدینی ئەیووبی ئەو شارە لەگەڵ تەرمی شەریف باجوەر و هاوڕێیەکانی بەرەو گۆڕستانی دارسەیران کە ١٠ کیلۆمێتر دەبێت بە پیادە هەتا ئەو شوێنە ڕۆیشتن.

\"\"ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: خەڵکی شاری مەریوان و کوردستان بە دانی دروشمی جۆراجۆری سیاسی وەک \"زیندانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت\"،\"سپای پاسداران تاوانبارە لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان\" ،\"فەرماندار فەرماندار بەرکنار\" و \"شەریف باجوەر ڕێگات درێژەی هەیە\"، هەتا گۆڕستانی دارسەیران لەگەڵ تەرمەکەدا، ڕۆیشتن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هیچ کەس لە هێزە نیزامیی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە ترسی لێدانی خەڵک، نەیانوێرا نزیک ئەو خەڵکە ببنەوە کە دروشمی سیاسیان دەدا.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێز، خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پژوهی\" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری ئەم شارە گیانیان لەدەستدا.

شەریف باجوەر لە ساڵی ١٣٩٦ بە دروشمی \"نەبوونی توندوتیژی ڕێگەی پیرۆزی مرۆڤایەتییە\" لە کارێكی ناڕەزایەتییدا بە پاسکیل بەرەو تاران بەڕێکەوت.

ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەرکرابوو و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەوڵیان دەدا بە دروستکردنی زەخت لەسەر ناوبراو ناچاری بکەن دەست لە چالاکییە مەدەنییەکانی هەڵبگرێت