لەئیلام رۆژنامەنووسان لەچالاکییەکانی \"خانە مەتبوعات\" ناڕازین

16:18 - 25 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: میدیاکار و رۆژنامەنووسانی ئوستانی ئیلام سەبارەت بە دۆخی \" ماڵی چاپەمەنی\" و نەبوونی شەفافیەت و روونی لەچالاکییەکانیدا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لەرۆژنامەنووسان و بەرپرسانی چاپەمەنییەکان لەئوستانی ئیلام بە نووسینی نامەیەک بۆ ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشاد ئیسلامی داوای پێڕاگەیشتن بە دۆخی ماڵی چاپەمەنیان کردووە.

لەنامەکەدا کە لانیکەم بە واژۆی ٦٥ کەس لەمیدیاکاران و رۆژنامەنووسانی ئوستانی ئیلام گەیشتووە باس لە دۆخی خرابی ٤٠٠ بەرهەمی فێستیڤاڵی چاپەمەنییەکان کراوە.

\"28386.jpg\"
نامەی ناڕەزایەتی میدیاکار و رۆژنامەنووسانی ئوستانی ئیلام سەبارەت بە دۆخی \" ماڵی چاپەمەنی\" خۆیان دەربڕیوە
ماڵپەڕی \"ئیلام بیدار\" بڵاوی کردووەتەوە، لەو نامەیەدا باس لەچەکێکی ٣٠ میلیۆن تمەنی لەلایەن شارەوانییەوە کە لە بەڵێنییەکانی ماڵی چاپەمەنی بووە و هەتا ئێستاش کەس لێی سوودمەند نەبووە.

رۆژنامەنووسانی کورد داواکارییەکانیان لە ٨مادەدا گەڵاڵە کردووە و پێشکەش بە بەرپرسی گشتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد ئوستانی ئیلام\" محەممەد عەلی نیاکان\" کردووە.

رۆژنامەنووسان دەڵێن پێویستە بەپرسی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئوستانی ئیلام کات و شوێنی کۆبوونەوەی گشتی دیاری بکات و دەبێ هەڵوێستیش لەسەر مانەوە یان لابردنی ئەندامانی هەیئەت مودیرەی چاپەمەنی ئیلام بگیردرێت.

ئاوڕدانە لە پێگە و کاری هەواڵنێرانی لەئوستانی ئیلام یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ئەو ٦٥رۆژنامەنووسە بووە.

\"خانە مەتبوعات(ماڵی چاپەمەنی)\" ئوستانی ئیلام لە ٥٤ ئەندام پێکهاتووە و بەرپرسایەتی ئەو شوێنە لە ئەستۆی \"عەبدولحەمید کەرەمی\"یە.