لەیلا زانا بە کوردی سوێندی خوارد

15:44 - 27 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لەیلا زانا پارلمانتاری کوردی نوێنەری پارێزگای ئاگری، لە پارلمانی تورکیه بە هۆی ئەوەیکە سوێندی یاسایی بە زمانی کوردی خوارد، کەوتە بەر هێرشی ڕەگەزپەرستانی تورکەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەیلا زانا پارلماناتاری کورد پێش ئەوەیکە سوێند بخوات، ڕایگەیاند: \"بە هیوای ئاشتییەکی ساڵم و بەردەوام\"، دواتریش دەستی بە سوێندخواردنی یاسایی خۆی بە کوردی کرد.

هەر چەند دوای سوێندخواردنی بە زمانی کوردی، داوا لە ناوبراو کرا کە بە زمانی تورکیش سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام ناوبراو قەبووڵی نەکرد.

ئەو کارەی لەیلا زانا بووە هۆی دەنگ هەڵبڕینی پارلمانتارێکی تورک و لەیلا زانای بە پێشێڵکردنی یاسای پارلمان و یاسای بنەڕەتی تۆمەتبار کرد.

هەر لەو پێوەندییەدا خاڵی گرینگ ئەوە بوو کە لەیلا زانا دەستەواژەی \"هاووڵاتییانی تورکیەی\" لە جێگای \"هاووڵاتییانی تورک\" دانا.

لە یاسای بنەڕەتیی تورکیەدا هەموو خەڵکی تورکیە بە هاووڵاتیانی تورک ئەژمار دەکرێن.

جێگای ئاماژەیە کە نوێنەری ئامریکا لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ پارلمانتاری تورکیەدا، ڕایگەیاند بە هۆی ئەوەیکە وەرگێڕانی باش نەکراوە، لە قسەکانی لەیلا زانا تێنەگەیشتووە.

لەیلا زانا یەکەم جار ساڵی ١٩٩١ی زایینی لە پارلمانی تورکیەدا به زمانی کوردی قسەی کرد و لە ئەنجامدا بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.