لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی ئاران تیباش دژایەتی کراوە

10:59 - 29 رەشەمه 2720

دادوەری چاوەدێری زیندانی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی ئاران (مەجید) تیباش، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ دژایەتیی کردووە.

ئەو زیندانە سیاسییە لە ماوەی زیندانیبوونیدا، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەم دواییانەدا، هەروەها لەگەڵ کەمکردنەوەی ماوەی زیندانیی ئەو زیندانییە سیاسییە، بەپێی گەڵاڵەی کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری دژایەتی کراوە.

هەروەها پێشتر، لقی ٩ی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئەو زیندانییە سیاسییە دژایەتی کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن مەئموورانی دەزگای قەزایی دەسبەسەر و دواتر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، ئەو لاوە کوردە لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی "نەجەفی"، دادگایی کرا و بە تۆمەتی "ئەندامبوون و پڕۆپاگەندە لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

پاش ناڕەزایەتی‌دەربڕینی ناوبراو سەبارەت بە دادگای سەرەتایی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ ٤ ساڵ زیندان کەم کرابووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، "مەجید تیباش"، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

ئەو لاوە کوردە ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو و پاشان دەسبەسەر کرابوو.

 ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم زیندانییە سیاسییە لەسەر بڕیاری حیراسەتی زانکۆی عیلمی_کاربۆردیی ورمێ، بەهۆی ئەوەیکە لەسەر لەپتابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و هەروەها ئەو وێنەیە لە کۆنفڕانسێکی زانستیدا لە سەر پرۆژکتور پێشانی دابوو، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرابوو.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک لە گرتنگە ئازاد کرابوو.