لەکرماشان، پژاندنی ئەسید ٨ کەسی کردە قوربانی

16:33 - 3 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لەشوێنەکانی گواستنەوەی موسافیرانی ناوشاری کرماشان، ٨ هاووڵاتیی کورد بەهۆی پژانی ئەسیدەوە بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کردەوەیەکی سەرسووڕهێنەردا، ژنێک ئەسیدی کردووە بە دەموچاوی موسافیرانی ئوتوبووسێکی ناوشاردا و لە ئەنجامدا ٦ ژن و ٢ پیاو بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئەو رووداوە لە ترمیناڵی ژمارە ١ی ئوتوبووسەکانی ناوشاری کرماشان هاتۆتە ئاراوەو ئەو ژنەش کە ئەو ئەسیدەی کردووە بە دەموچاوی ئەو هاووڵاتییانەدا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.

\"21751.jpg\"
ئەو ژنە که ئەسید کردبوو بە دەموچاوی ئەو هاووڵاتییانە
خاڵی جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە، کەلە رووداوەکانی پژاندنی ئەسیددا، ژنان قوربانیی دەستی پیاوان بوون، بەڵام ئەمجارەیان ژنێک ئەسیدی کردووە بە دەمووچاوی ژناندا.

هەواڵدەریی \"ئیرنا\" شوناسی ئەو ژنەی \"ف.پ\" راگەیاندووە، کە بەپێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ئەو ژنە ویستوویەتی ئەو ئەسیدە بە دەموچاوی یەکێک لە شۆفیر ئوتوبووسەکانی ئەو ترمیناڵەدا بکات.

ئەو ژنە، کە لەلایەن ژمارەیەک لە هەواڵدەرییەکانەوە بە \"دز\" و \"گیرفان بڕ\" تۆمەتبار کراوە، ئەسید پژاندنەکەی برینداربوونی لە سەدا ٢٠ هەتا ٤٠ی ئەو ٨ ژن و پیاوەی لێکەوتۆتەوە.

بەگوتەی جێگری فەرماندەری هێزی ئینتزامیی ئوستانی کرماشان، ئەو ژنە ویستوویەتی تۆڵە لە شۆفیر ئوتووبووسێکی ئەو ترمیناڵەی ناوشار کرماشان بکاتەوە، کە ماوەیەک پێش ئێستا ماشینەکەی لەگەڵ ئەو ئوتووبووسە تووشی رووداوی هاتووچۆ ببوو، کە لە ئەنجامدا لاقێکی ئەو ژنە لەکار کەوتبوو، بەڵام شیرکەتی بیمەش تێچووی دەرمانیی بۆ ئەو ژنەی قەرەبوو نەکردبوویەوە.

ئەو کەسانەی کە ئەسید دەکەن بە ئەندامانی لەشی کەسانی دیکەداو ئەگەر ئەو کەسەش نوقسان بێت، بەپێی ماددەی ٢٧٣ی یاسای سزادان، کەسی تاوانبار، دەبێ بە هەمان شێوە و رادە تۆڵەی لێ بکرێتەوە.

محەمەد مستەفایی، یاسازانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ لەو پەیوەندییەدا بە رادیۆ فەردای راگەیاندووە؛ سزایەکی عادڵانە بۆ پژاندنی ئەسید لە یاسادا نییە، یانی ئەگەر کەسێک ئەسید بکات بە دەمووچاوی کەسێکی دیکەدا، ئەگەر ٣٠ هەتا ٤٠ ساڵ سزای زیندانی کرانی بۆ ببڕینەوە، لەوە باشترە کە تۆڵەی (قصاص) لێبکەینەوە.