لەکرماشان دژایەتی لەگەڵ دانانی ناوی کوردی بۆ منداڵان دەکرێت

15:14 - 7 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی کوردی ئوستانی کرماشان لەلایەن ئیدارە حکوومەتییەکانی ئەو ئوستانەوە بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئوستانی کرماشان، ناسنامەی کوردی بە منداڵانی تازە لەدایک بوو نادات و هاووڵاتییان تەنیا ئیزنی ئەوەیان هەیە ئەو ناوانەی کە لە لیستەی ئەو ئیدارەیەدا هەیە، بۆ منداڵەکانیان دیاری بکەن.

هەرچەندە بە وتەی هاووڵاتییان، ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران بەشێوەی ئاشکرا دژایەتی لەگەڵ ناوی کوردی بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو دەکات، بەڵام بە وتەی هاووڵاتییان، ئیدارەی ئاماژە پێکراو لە ئوستانی کرماشان بەشێوەی ئامانجدار و بەمەبەستی لاواز کردنی هەستی نەتەوەیی ئەو کارانە دەکات.

بەوتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری کرماشان، ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی لە ناوچە شیعەنشینەکان تەنانەت دژایەتی لەگەڵ هەڵبژاردنی ناوی \"خەلیفە سوننی\"یەکان بۆ سەر منداڵان دەکات و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا هاووڵاتییان لەلایەن فەرمانبەرانی ئەو ئیدارەیەوە گاڵتەیان پێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە مزگەوتی گەڕەکی سوننی نشینی \"حیکمەت ئاباد\"ی کرماشان کە رێژەیەکی بەرچاو هاووڵاتییانی کوردی سوننی مەزهەب تیایدا دەژین، ماوەی چند ساڵە ئەگەری رووخانی لێ دەکرێ و سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتییان بۆ ئیدارەی ئەوقاف و فەرهەنگ و ئیرشاد لەمەڕ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ نۆژەن کردنەوەی ئەو مزگەوتە، ئیزنی ئەو کارەیان پێ نەدراوە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە حەسەن رۆحانی لەکاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا، باسی لە کرانەوەی فەرهەنگی و پاراستنی مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە وڵاتی ئێران دەکرد، بەڵام هەنووکە هاووڵاتییان بۆ دیاری کردنی ناوی کوردی بۆ منداڵەکانیان بەرەوڕووی ئاستەنگی دەزگا حکوومەتییەکان دەبنەوە.

بەوتەی زۆرێک لە کارناسانی سیاسی، سەرجەم بڕیارەکان لەوڵاتی ئێران لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەکانەوە دیاری دەکرێن و هاوکات ئەو دروشمانەی حەسەن رۆحانی تەنیا بۆ راکێشانی خەڵک بۆسەر سندووقەکانی دەنگ دان بووە.