لەچاپ درانی دوو كتێبی کوردی هەنگاو و شێوەزارەكانی ئیلام

15:37 - 21 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: لەبۆكان كتێبی هەنگاو كە گوڵبژێرێک لە شێعری شاعیرانی كوردە و هەروەها كتێبی \"زمانناسی و شێوەزارەكانی كوردی ئیلامی\" كە تایبەتە بە ئوستانی ئیلام، چاپ و بڵاو كرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كتێبی هەنگاو لەنووسین و ئامادەكردنی، شاعیر و لێكۆڵەر \"عەزیز میرزا قادری\" كە شێعری ١٠٤ شاعیری هاوچەرخی لەخۆ گرتووە كەوتە بەر دیدی خوێنەران.

\"19907.jpg\"
عەزیز میرزا قادری، شاعیر و لێكۆڵەر
لەو كتێبەدا وێنەی ١٠٤ شاعیرەكەشی تێیدا گونجێندراوە و ئەركی ئەو وێنانە لوقمان رەحیمی وێنەگری ناسراوی بۆکانی و براوەی خەڵاتی جیهانی كێشاویەتی.

ئەو كتێبە ٦٥٠ بەرهەمی شێعریی ١٠٤ شاعیری لەخۆ گرتووە و لە كۆی شاعیرەكان، ١٨ كەسیان لەژیاندا نەماون و کتێبەکەش لەلایەن دەزگای چاپی \"نارین\"‌ی بۆكان لەچاپ دراوە.

لەلایەكی دیكەوە كتێبێك لەژێر ناوی \"زمانناسی و شێوەزارەكانی كوردی ئیلامی\" لەنووسین و ئامادە كردنی ئیلهام سەباتی لەئوستانی ئیلام چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

ئەو كتێبە لە٢٠٠ لاپەڕە پێكهاتووە و بەهاوكاری دوكتور \"عالیە كورد زەعفۆانلوو\" مامۆستای زانكۆ نووسراوە.

لەو كتێبەدا هەوڵ دراوە هەر چوار شێوەزاری ئوستانی ئیلام (ئەركەوازی، خەزلی، شێروانی، مەلەكشاهی) بخرێتە بەرباس و لێكۆڵینەوە.

كتێبی شێوەزارەكانی ئیلامی چوار بەشی لەخۆ گرتووە و بەوتەی نووسەرەكەی لەو كتێبەدا كەموكورتی و كێشەكانی بەردەم زمانناسی كوردی خراوەتەڕوو.