لەپاش \"داریان\"، \"بڵبەر\"یش دەستبەکار بوو+وێنە

14:49 - 21 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ناڕەزایەتیی ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی کورد، حکوومەت دەستی کرد بە دروستکردنی بەندای بڵبەر، لە ناوچەی هەورامان.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کەرەستە و ماشینی پێوەندیدار بە دروستکردنی بەنداو گەیشتوونەتە گوندی بڵبەر و کەمپی نیشتەجێ بوون بۆ پرسونێلی ئەو بەنداوە ساز کراون.

\"29508.jpg\"
ناڕزایەتی ژینگە پارێزان بۆ بەنداوی بڵبەر
لە ئێستادا بۆڵدێزێر خەریکی ڕاکێشانی جادەیە و بە کردەوەش سازکرانی بەنداوی بڵبەر چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو بەنداوە لەسەر ڕووباری سیروان و بە مەودای کەمتر لە ٧ کیلۆمیتر لە سەرووی بەنداوی داریان کە لەناوچوونی کانی بڵیی بەدواوە بوو، دروست دەکرێت.

بەنداوی بڵبەر لەپاش دۆڵاو، بنیەر و داریان، چوارەمین بەنداوی ڕووباری سیروان هەژمارە دەکرێت کە خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بۆ ناوچە و ژینگەی هەورامان بە دواوە، بووە.

چالاکێکی ژینگەپارێز بە هەواڵدەریی کوردپای گوت کە بە چێبوونی بەنداوی بڵبەر، تەنیا شوێنی پڵنگی کوردستانیش لەناودەچێت و بە لانی کەمیش سێ گوندی ژیوار، بڵبەر و سلێن چۆڵ دەکرێن.

هەروەها بە پێی وتەی ئەو چالاکە کوردە، لە چەند ساڵی داهاتوودا و بە پڕئاوکردنی ئەو بەنداوانە ئێکۆسیستەمی هەورامان لە چواروەرزەوە بۆ ژینگەیەکی شێدار دەگۆردرێت و تەواوی گیان‌لەبەر و لێڕەوارەکان بەرەوڕووی خەساری گەورە دەبنەوە.

عەمەلیاتی بوونی بەنداوی بڵبەر لە کاتێکدایە کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ژینگەپارێزانی کوردستان و خەڵکی ناوچەکەش بە پێکهێنانی کەمپەینی \"نا بۆ دروستکردنی بەنداوی بڵبەر\" بە توندی لەهەمبەر ئەو کارەی حکوومەت ناڕەزایەتییان دەربڕی و و لە کردەوەیەکی سەرنجڕاکێشدا، خاک و خۆڵیان لەناو سەتڵ بەسەرخۆدا کرد.

بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ پڕۆپاگەندەی ئیدارەی ژینگەپارێزیی پارێزگای کوردستان کە هەورامانی وەک ناوچەیەکی جوان و دەستلێنەدراو پێناسە کردبوو و هێمای بۆ ناونووسینی هەورامان لە یۆنێسکۆ کردبوو.

\"29510.jpg\"

\"29511.jpg\"

لينكی پێوەندیدار:
ژینگەی ئاژەڵیی ناوچەی هەورامان بە دروستکرانی ٢ بەنداو لەناو دەچێت