لەوەڕگەکانی شاری کەنگاوەر لە ئاگردا سووتان

14:37 - 23 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: فەرمانداری کەنگاوەر ڕایگەیاند کە؛ \"٣٠٠ تاکوو ٥٠٠ هێکتار لە لەوەڕگەکانی دەوروبەری گوندی سەرمەست و بزاو، لە ئاگردا سووتان.\"

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، \"شەریف خۆسرەوی\"، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێریی تەسنیم‌دا ڕایگەیاندووە کە؛ \"سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ لە دارستانەکان و لەوەڕگەکانی ناوچەی \"بزاو\" و گوندی \"سەرمەست و تاڵان\"، سەر بە شاری \"کەنگاوەر\"، ئاگریان تێ‌بەربووە و ئێستاش خەڵک لە شار و گوندەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەرەو سەرمەست دەچن.\"

خۆسرەوی هەروەها وتی؛ \"ئیکیپی یارمەتیدەر بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، لە شارەکانی \"سونقور و کلیایی\"، \"هەرسین و سەحنە\" چوونەتە شاری \"کەنگاوەر\"، و تاکوو ئێستا نزیک بە ٥٠٠ هێکتار لە لەوەڕگەکانی ئەم ناوچەیە لە ئاگردا سووتاون.\"