لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاووڵاتییان لە کوردستاندا بوون بە خۆڵەمێش

16:40 - 18 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی یەکەی پاراستنی ژینگەپارێزیی پارێزگای کرماشان، باسی لە سووتاندنی ١٥ هێکتار لە شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵان لە شاخی بیستوون کرد.

بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵان لە بەرزاییەکانی شاخی شاری بیستوون لە پارێزگای کرماشاندا، ١٥ هێکتار لە لەوەڕگەی ئەو ناوچەیە سووتا.

\"فەردین ئۆڵفەتی\"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی \"ئیسنا\" ڕایگەیاند: \"ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە نزیک گوندی \"سوورنی\" ڕووی داوە و کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، ١٢ کاتژمێری خایاندووە.\"

لە لایەکی دیکەوە، هێکتار و نیوێک لە لەوەڕگەی گەردەنەی سەوڵاوا، لە نزیک گوندی \"وەحدەت\"، ئاگری گرت و بوو بە خۆڵەمێش.

بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: \"ئەمساڵ لە چاو ساڵانی پێشووتر، ئاگرکەوتنەوە لە پووش و لەوەڕگەکان زووتر دەستی پێکردووە و سەرجەم لەم ماوەیەدا، زیاتر لە ١٠ هێکتار لەوەڕگە و پووش و پاوەن لەو پارێزگایەدا سووتاون.\"

لەم پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، لەوەڕگەی بانەساری گوندێکی شاری جوانڕۆ، ئاگری گرت و خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگە و لەوەڕگەی ئەو گوندەیە گەیاند.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە چەندین ساڵە بە شێوەی ئاشکرا لە لێڕەوارەکانی زاگرۆس دەستی پێکردووە و ساڵانه بە هۆی سووتانی دارستان و لەوەڕگەی ناوچەکانی کوردستان، بەشێکی زۆر لە شوێنی حەوانەوەی گیانلەباران و ئێکۆسیستمی ناوچەکە لەنێو دەچێت.

هەر چەند بەرپرسایەتیی پاراستنی دارستان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکان، وەک: ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکۆژێنەوەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هاووڵاتییانی کوردی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و خەڵکی گوندەکان بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.