\"لەوانەیە کۆماری ئیسلامی، تەقینەوە و تیرۆر بە ناوی داعشەوە بکات\"

15:42 - 5 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە نوێترین بابەتی خۆیدا باس لە گەمەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە داعشەوە دەکات و دەنووسێت کە داعش هەڕەشە نییە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆخی ناوچە و گەمەی کۆماری ئیسلامی بە کارتی داعش لە نوێترین بابەتی مستەفای هیجریدا هاتووە کە لەوێدا باس لە نفوزی مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانانی لە نێو گرووپی تیرۆریستیی داعشدا دەکات.

هیجری دەنووسێ کە کوژرانی چەندین ئەفسەر و گەورە فەرماندەی نیزامیی سوپا ناگەڕێتەوە بۆ شەڕ دژی داعش، بەڵکوو بە وتەی ناوبراو ئەمە \"سیناریۆیەکە کە کۆماری ئیسلامی سازی کردووە\" و زۆر لایەنیش باوەڕیان کردووە.

لە بابەتەکەدا پێشبینی ڕێککەوتنی ئامریکا و ڕووسیە لەسەر داهاتووی سووریە دەکرێت و ئێرانیش دەیەوێ بە ڕاگەیاندنی ئەو خەبەرە، کە لەژێر هەڕەشەی داعشدایە، سەنگی خۆی لەلای کایە بەدەستانی سەرەکیی یەکلاکردنەوەی شەڕی سووریە، قورستر بکا و بەشێکی زیاتر لە ئامانجەکانی خۆی لەو ئاڵوگۆڕەدا بپێکێ.

ماویەک لەمەوپێش وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامانجی هێرشی داعشە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێی وایە کە لە داهاتوودا دەبێ چاوەڕوانی لەناوبردنی هێندێک گرووپی وەهمیی داعش لە سنوورەکانی ئێران، یان دەستبەسەر کردنی کەسانێک بە بیانووی بوونی پێوەندییان بە داعشەوە بین.

هەرلەم زەمینەیەدا ماوەیەک لەمەوبەر وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو کە چەندین کەسیان لە پێوەندی بە گرووپە تیرۆریستەکانی وەک داعش لە کرماشان، ناوچەی باکووری کوردستانی ئێران و سیستان و بەلووچستان دەستبەسەر کردووە.

ئەو بابەتەی مستەفای هیجری کە ڕۆژی رابردوو لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو کراوەتەوە باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی نیگەرانی هەرەشەی داعش نییە بەڵکوو نیگەرانی کۆتایی پێهاتنی داعشە کە دواجار گرووپێک کە بوو بە هۆی دەسەڵات‏بەدەستیی ئێران لەناو دەچێت.

نووسەر پێی وایە کە داعش هۆکارێک بووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای هێزێکی وەک حەشدی شەعبی، ئامانجەکانی خۆی بپێکێ.

مستەفای هیجری لە کۆتایی بابەتەکەیدا پرسیارێک دەکات و باس لە نیگەرانیی کۆماری ئیسلامیی ئیران لەپاش نەمانی داعش دەکات و دپرسێت: ئێستا کە دوورە دیمەنی کۆتایی شەڕی داعش و لە ئاکامدا گۆڕانی هاوکێشە سیاسی ـ نیزامییەکان لەو ناوچەیەدا دەرکەوتووە، لەوەبەدوا، ئێران ئەو هێز و دەسەڵاتەی لەو وڵاتانەدا بە چ بیانوویەک دەپارێزێ؟