لەنێوچوونی لێڕەوارەکانی مەریوان ڕووی لە هەڵکشانە

15:11 - 17 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە بێدەنگی میدیاکان و وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی، لەنێوچوونی لێڕەوارەکانی شاری مەریوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە خەڵکی هەلپەرست لە گوندەکانی دەوڕوبەری شاری مەریوان هەوڵی بڕینەوەی داربەڕووەکانی ئەو شارەیان داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: کەسانی بەرژەوەندیخواز بە مشاری داربڕ هەوڵی بڕینەوەی داربەڕووەکانیان داوە تا بتوانن ڕێژی (خەڵووز) دروست بکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: کەسانی هەلپەرەست ڕێژی بە دەست هاتوو لە داربەڕوو بە ماشین ڕەوانەی تاران و شارە گەورەکانی ئێران دەکەن.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە بێ‌دەنگی میدیاکاندا و وڵام نەدانەوەی بەرپرسان، ئۆرگانە پەیوەندییدارەکان و لێنەپرسینەوەی قەزایی لەگەڵ تاوانبارانی لەنێوبردنی دارستانەکانی شاری مەریوان، ڕۆژانە بەشێک لە میراتی سرووشتی بە نرخ لەم ناوچەیە دەبنە قوربانی کەسانی بەرژەوەندیخواز و لە نێو دەچن.

هەتا ئێستا هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی لە شاری مەریوان لە بەرامبەر بڕینەوەی داربەڕووی گوندەکانی ئەو شار هیچ دژکردەوەیەکی لە خۆی نیشان نەداوە.