لەنێوان هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و خەڵکی گوندی "چەکۆ"ی سەردەشت تێکەڵچوون هاتە ئاراوە

12:21 - 14 جۆزەردان 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی جۆزەردان، چەندین ماشینی هێزە نیزامییەکان بە چەکی سووک و نیوەقورسەوە هێرشیان کردە سەر گوندی "چەکۆ"ی شاری سەردەشت و لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندەدا تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لەو هێرشەدا بۆ سەر گوندی چەکۆی سەردەشت، هەوڵی دەسبەسەرداگرتنی شتومەکی کاسبکارانی خەڵکی ئەو گوندەیان دا.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە  نیزامییەکان بە بیانووی شتومەکی قاچاخ، بە چەندین ماشین نیزامییەوە ڕژانە نێو ئەو گوندەوە و هەوڵی دەسبەسەرداگرتنی شتومەک و ئەسپی کاسبکارانیان داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "لە ئەنجامی ئەو هێرشە، هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی چەکۆ، لەگەڵ هێزە نیزامییەکان تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوون و ئیزنی دەسبەسەرداگرتنی شتومەک و ئەسپی کاسبکارانیان بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت نەدا".

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، ڕایگەیاند: "هێزە نیزامییەکان هەڕەشەیان لە دانیشتووی ئەو گوندە کردووە لە ئەگەری هێنانی شتومەکی قاچاخ، لەگەڵ کێشەی دادوەری بەرەڕوو دەبنەوە".